گۆڕانكارییەكانی سوریاو عیراق، دوای زیاتر بەهێزبوونی خەلافەتی ئیسلامی بەسەركردایەتی ئەبوبەكر بەغدادی، زیاتر لەڕابردوو ئاڵۆز بووە. داعش بۆ هێرشكردنە سەر عیراق، سوود لەخاكی سوریا وەردەگرێتو پاشان بەو چەكو دەستكەوتە مادییانەی لەشەڕ دەستیان دەكەوێت، هەوڵ دەدەن قەڵەمڕۆیی خەلیفەكەیان لەسوریا فراوانتر بكەن. كۆبانی كە دەكەوێتە باكووری سوریا، یەكێكە لەو شارە سەرنجڕاكێشانەی كە بۆتە ئامانجی نوێی فراوانخوازییەكانی داعش.
كۆبانی كە سورییەكان پێی دەڵێن (عین العرب)، لەسەرەتای قەیرانەكانی سوریا، بەبێ هیچ شەڕو پێكدادانێك كەوتە دەست كوردەوە. لەڕاستیدا سورییەكان كە دەیانبینی توركیاو نەیارەكانی تری ئەسەد لەناوچەكە، لەڕێی سنوورەكانی باكوورەوە خەریكی بەهێزكردنو یارمەتیدانی «سوپای ئازاد»ن، ویستیان بەم كارە، هەم كوردەكان بكەنە بەربەستێك بۆ بەرگرییو رێگەگرتنیان، هەم هێزەكانیان بەبێ كێشە رەوانەی بەرەكانی تری جەنگ بكەن.
بەڵام ئێستا چەند مانگێكە، بارودۆخ گۆڕاوە. «سوپای ئازاد» پەراوێز خراوە، بەرەی نوسرەش نوقمی داعش بووەو سوپاش توانیویەتی رووبەرێكی زیاتر لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنێتەوە. هەرچەند هیچ پێكدادانێكی جدی لەنێوان سوپاو داعش تۆمار نەكراوە. ئێستا داعش هەموو ئامانجی خۆی لەسەر كۆبانی چڕ كردۆتەوەو دەیەوێت هەرچۆنێك بێ، ئەو شارە كوردنشینە بخاتە سەر هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی.
هەندێك زانیاری ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو گرووپە چەند جارێك چەكی كیمیایی بەرامبەر بەو شارەش بەكارهێناوە. گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەنێوان دوو لایەنی شەڕو بوونی چەكو چۆڵی باشتر، وایكردووە كە مەترسی كەوتنی كۆبانی تۆختر ببێتەوە. بارودۆخەكە بەجۆرێكە كە زۆربەی كوردو تەنانەت غەیرە كوردیش لەشێوازی كاركردنو بەرنامەكانی داعش ئاگادارن، بۆیەش بەمەبەستی پشتیوانیكردن لەخەڵكی كۆبانی، چەندین كەمپینی جۆراوجۆر لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك تویتەر، فەیس بووك و…هتد بەرپاكراوە، بەڵام لەم نێوەندەدا سەرنجی راگەیاندنە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان لەسەر كۆبانی نییەو دەڵێی كۆبانی هیچ گرنگییەكی بۆ ئەوان نییە.
هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەزەش، یەكێكە لەهۆكارەكان تاكو كۆبانیو هەواڵو پێشهاتەكانی لەجاران كاڵتر ببێتەوە. وا پێدەچێت چارەنووسی كۆبانی وەك ئەو رابردووە تاڵەی لێ بێت كە پێشتر بەسەر كورددا هاتووە، وەكو بەسەرهاتی ئەنفال، كیمیابارانی هەڵەبجە، كارەساتە مرۆییەكانی توركیاو…هتد، بەڵام بەبۆچوونی من، ئەوەی لەپشتگوێ خستنی كۆبانی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تاڵترە، كە لەوانەیە زەمینە بۆ كارەساتێكی گەورە خۆش بكات، نەبوونی یەكڕیزییو كۆدەنگییە لەنێوان خودی حزبە كوردییەكاندا. بەداخەوە ناكۆكی بەرژەوەندییەكان لەنێوان حزبە كوردییەكانی توركیا، سوریاو عیراق وایكردووە كە پاڵپشتییەكی بەرچاو لەكۆبانی نەكرێت. ئەم نەبوونی كۆدەنگییەو ئەم بەرژەوەندییە تەسكانە، ئەگەر تاكو ئێستا هەڵگریی پاساوێك بووبێت، لەم قۆناغەدا هیچ پاساوو بیانوویەك هەڵناگرێت، چونكە بەهیچ پاساوێك ناتوانن كەوتنی كۆبانیو داگیركردنی لەلایەن گرووپی توندڕەوی داعش، روون بكەنەوە، ئەو گرووپەی كە لەچەند رۆژی رابردوودا كوردەكانی لەموسڵ شاربەدەر كرد! بۆیە دەبوو پێش هەموو شت، ئەقڵانییەتو كۆدەنگی ببێتە چەكی دەستی كوردەكان، هەروەها دەست لەناو دەستی یەك، جگە لەهاوكاریكردنی راستەوخۆ، سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ سەر ئەم ناوچە فەرامۆشكراوە رابكێشین.
رۆژنامەنووسی ئازاد، توێژەر لەناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=28660&Cor=2&Besh=Witar
http://www.taqwesan.com/?p=3225